بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشوهەوا ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوویش باران بەردەوام دەبێت و گۆڕانكارییەكی كەمیش لە پلەكانی گەرما ڕوودەدات.
بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، لە هەندێك كاتدا بارانبارین بە شێوەی لێزمەباران و هەورە تریشقە دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانیش ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە.
لەبارەی كەشوهەوای ڕۆژی شەموو، بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان دەڵیت، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم بەردەوامی دەبێت و هەندێك كات باران بارین لە هەندێك ناوچە دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورەتریشقە، لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكان ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە .