بەبۆنەی جەژنی نەورۆز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، جەژنی نەورۆز بۆ گەلی كوردستان، هێمایە بۆ سەركەوتن و ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداران.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئادار، لە پەیامێكدا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی 2726، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت كوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم و هیوای شادی و تەندروستییان بۆ دەخوازم.
باس لەوەش دەكات، جەژنی نەورۆز بۆ گەلی كوردستان، هێمایە بۆ سەركەوتن و ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداران و هاتنی بەهار و دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ. سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، هیوادارم ئەم نەورۆزە، ببێتە دەستپێكی قۆناخێكی پڕ لە ئاشتی و ئاسوودەیی لە ژیانی خەڵكی كوردستان و كۆتاییهاتنی شەڕ و ناخۆشی لە ناوچەكە و جیهان بە گشتی.
لە پەیامەكەیدا سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم كە بە داخەوە، بە هۆی هێرشی ناڕەوا و تیرۆریستییانەی هێز و میلیشیا لەیاسادەرچووەكان، هەرێمی كوردستان و ژیانی هاووڵاتییان ڕووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو بووەتەوە، لێرەدا خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەموو تواناكانمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی كوردستان و دوورخستنەوەی لە هەموو مەترسییەك.
لە كۆتایی پەیامەكەی هاتووە، سوپاسی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەكانی هاوپەیمانان و لایەنە پێوەندیدار و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ هەوڵ و ماندووبوون و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بە كارامەیی و لێهاتوویی، هیوادارم ئەم دۆخە سەختە لە ئاییندەیەكی نزیكدا، كۆتایی پێ بێت و هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام لە پێشكەوتن و گەشەسەندن و ئاوەدانیدا بێت، جەژنی نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت و هەر لە خۆشی و تەبایی و تەناهیدا بژین.