بەبۆنەی جەژنی نەورۆز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێكی بەردەوامە بۆ كۆڵنەدان
ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئادار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی كوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و تەواوی هێزە ئەمنییەكان پیرۆز دەكەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و كامەرانی بۆ هەمووان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێـ، نەورۆز گوزارشتێكی قووڵە لە مێژوویەكی پڕ لە تێكۆشان و داستانەكانی خۆڕاگریی نەتەوەیەك كە هەمیشە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەرەنگاری ستەم بووەتەوە و هەرگیز ڕادەست نەبووە. نەورۆز هێمای تێكشكانی تاریكی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەی مێژووە كە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەكێك ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی كورددا بكوژێنێتەوە.
باس لەوەش دەكات، ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێكی بەردەوامە بۆ كۆڵنەدان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان، بۆ تەبایی و پێكەوەیی. گوڕ و تینی بەهێزمانە بۆ ئەوەی بە ئیرادەیەكی نەورۆزییانە، دەستكەوتە دەستوورییەكانمان بپارێزین و فیدراڵی و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەك بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵەهامان، پتەو و بەهێز بهێڵینەوە.
روونی دەكاتەوە، ئەمساڵ لە كاتێكدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەكەین، ناوچەكەمان بە دۆخێكی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەكانی شەڕ و لێكەوتەكانی لە هەموو لایەكەوە دەردەكەون. بۆیە ئەركی هەموومانە بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویییەوە كار بكەین تاكوو هەرێمی كوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوویەكی باشتر بنیات بنێین.
ئاماژە بەوەش دەكات، لە پێوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، وێڕای دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی، دووپاتی دەكەینەوە كە لەم دۆخەدا هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری هەولێر ـ بەغدا و جێبەجێكردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێكی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنینەوە و دەستی لێكگەیشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەكەین.
بەشێك پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاراستەی هاووڵاتییانە و دەڵێت، داواتان لێ دەكەم لە كاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی وریایییەوە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكەن. بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەدا كە ناوچەكەمان بە دۆخێكی ئاڵۆز و پڕ لە لێكەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زیاتر ئاگاداری خۆتان بن.
لە كۆتایی پەیامەكەی هاتووە، دەبێ پابەندی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ و لایەنە پێوەندیدارەكان بن، تا ئەم جەژنە بە ئارامی و سەلامەتی بكەنەوە و هیچ ناخۆشییەك یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەكات. پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان، ئەركێكی نیشتمانی و نیشانەی شارستانیبوونی ئێمەیە و دەبێ پابەندی بین، نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت كە ئەم یادە دەكەنەوە. خوای مەزن ئێوە هەمووتان و گەل و نیشتمانمان بپارێزێت و ئاشتی و ئارامی و دڵنیایی؛ باڵ بەسەر ناوچەكەمان و تەواوی مرۆڤایەتیدا بكێشێت.