لە كاتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن سەرۆك بارزانی، مەسروور بارزانی وتارێكی پێكەش كرد و رای گەیاند، خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر بە زاڵم و ستەمكار وەستاون.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە رابەر و سەركردەی گەورەمان جەنابی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین و جەژنتان پیرۆز بێت.
مەسرور بارزانی گوتی، خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر بە زاڵم و ستەمكار وەستاون و هیچ كاتێك خۆیان نەچەماندووە ئێستەش ئومێدمان وایە لە ژێر سێبەری و بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی، گەلی سەربەرزی كوردستان، هەر سەردەكەوێت بەرانبەر بە هەموو ستەمكارێك دەوەستێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئومێد دەكەین ئاسۆی گەلەكەمان لە ژێر سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و بە هێز و بازووی پێشمەرگەی قارەمان و بەخۆڕاگری گەلەكەمان پڕشنگدارتر و رووناكتر دەبیت.
لە كۆتایی قسەكانی رای گەیاند ، زۆر زۆر سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دەكەین بە تایبەت لەم كاتەدا كە دەبینین شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەكمانەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی كوردستان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك بپارێزین و بەدوور بگرین، دڵنیاشم بە پشتیوانی خوای گەورە بەرەو ئاسۆیەكی رووناكتر هەنگاو دەنێین.