مەجید ساڵح: شەرمەزارییە بۆ شارێك، "پیرەمێرد"ی شاعیر تێدا غەریب بێت

:: PM:08:47:21/03/2026 ‌
بەیانی ئەمرۆ شەموو بەهۆی سەردانی كردنی گۆڕی پیرەمێرد چەند وێنەیەك بڵاو كرایەوە، لەوێنەكاندا دەردەكەون گۆڕەكە بێناز و گردەكەی مامەیارە وێران و وێنەی شاعیر درێننراوە. لەمبارەوە نووسەرێك نووسیویەتی،  شەرمەزارییە بۆ شارێك، "پیرەمێرد"تێدا غەریب بێت.

سلێمانی شارێكە زیاتر لە هەموو شارەكانی كوردستان تێكۆشەری هەن، شاعیر و نووسەر و فەرهەنگنووس و بیركەرەوە هەن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستەی ئیداریییەوە پەراوێزخراوە و ئەمە وای كردووە مێژوو كەلتوری شارەكە و كەسە دیارەكانی بێناز بن، تەنانەت كەسێكی وەك پیرەمێرد كە زۆری بۆ سلێمانی كوردستان كرد.

لەمبارەوە مەجید ساڵح نووسەر و مێژوونووس رای گەیاندووە، ئەمڕۆ لە یادی نەورۆزدا، بە هیوای نۆژەنكردنەوەی رۆح و مێژوو، لەگەڵ هاوڕێیەكمدا سەردانی ئارامگای "پیرەمێردی نەمر"مان كرد لە گردی مامە یارە.

" بەڵام ئەوەی بینیمان نەك هەر جێی داخی بوو، بەڵكو پەڵەیەكی ڕەشە بە نێوچەوانی لایەنی پەیوەندیدار و ئیدارەی ئەم شارەوە" مەجید وا دەڵێت

نووسەر باسی لەوەش كردووە، ئارامگای ئەو زاتەی "نەورۆزی" بۆ كردینە جەژن و مێژوو، ئەمڕۆ وەك وێرانەی پاش جەنگی لێهاتووە، بۆ ئەوەی بگەییتە سەر مەزارەكەی، دەبێت وەك شاخەوانێك بە دیوارەكاندا هەڵشاخێیت چونكە ڕێڕەوێكی شایستەی نییە،  دەوروبەری ئارامگاكە لە جیاتی گوڵ و ڕێز، پڕكراوە لە زبڵ و خاشاك.

هاوكات دەڵێت: تاكە وێنەی سەر مەزارەكەی وردوخاش كراوە و سەیوانەكەی وەك كەلاوەیەكی بێ خاوەن دەردەكەوێت.

مەجید لەدرێژەی بابەتەكەیدا دەڵێت: جێگەی تێڕامانە، پێش ئێمە جەنابی پارێزگار سەردانی ئارامگاكەی كردووە، بەڵام دیارە تەنیا بۆ وێنەگرتن و "سێڵفی" بووە، چۆن دەكرێت بەرپرسانی ئەم شارە چاویان ئەم هەموو بێحورمەتییەی بەرانبەر بە سیمبولی نەتەوەیەك نەبینێت؟

لەكۆتایشدا ئەوەی گوتووە، پیرەمێرد پێویستی بە پۆست و پۆز و وێنەی كەس نییە، پیرەمێرد پێویستی بەوەیە ئەو نەتەوەیەی ئەو تەمەنی بۆ بەخشی، لانی كەم حورمەتی ئارامگاكەی بگرن. ئەم وێرانكارییە سوكایەتییە بە مێژوو، بە ئەدەب و بە شكۆی سلێمانی. كەی كاتی ئەوە دێت گردی مامە یارە و مەزاری پیران ببێتەوە بەو شوێنە پیرۆزەی كە شایەنی ناوی ئەوان بێت؟



وشە - سۆران عەزیز