ئەمڕۆ شەموو 21ی ئادارى 2026، لە ئاهەنگی نەورۆزى شارى ئامەدى باکورى کوردستان، گوتارى نێچرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب وەکو نوێنەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان خوێندرایەوە.
دەقی وتارەکەى سەرۆکى هەرێم:
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی هێژا،
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، بە گەرمی و لە دڵەوە لە تەواوی گەلی کورد و لە ئێوهى ئازیز پیرۆز دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە لە ئامەدی هێژا بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆبوونەتەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامهد، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە پهرۆشى و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکتر.
ئێمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێت پشتگیریى دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاقە ڕێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات.
ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە ڕێگەی پێكهوهیى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و بەشداریی لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا؛ بکەین.
لێرەدا سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەمەوە کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون. بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاریى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم ڕۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهختدا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە ڕاستییەکی ههمیشهیى.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان