هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رای گەیاند، كلیلی ئارامیی هەموو پارچەكانی كوردستان لە باكوری كوردستان و توركیایە.
ئیلهام ئەحمەد ئەمرۆ شەموو 21ـی ئادار، پەیامێكی ڤیدیۆیی بۆ ئاهەنگەكەی ئامەد نارد و تێیدا گوتی، شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان بە پشتیوانی هەموو گەلی كورد گەیشتووەتە قۆناغێكی باش، كە قۆناغی بنیاتنانەوەیە.
ئیلهام ئەحمەد لە پەیامەكەیدا باكوری كوردستانی وەك گەورەترین پارچە و خاوەن مەزنترین ماتە وزەی كورد ناوبرد و رای گەیاند، "كاتێك لە باكوری كوردستان و لە توركیا پڕۆسەی چارەسەری سیاسی پێش بكەوێ، ئەوا مافی كورد لە پارچەكانی تریش گەرەنتی دەبێت، چونكە هێزی كورد لێرە هێزێكی یەكلاكەرەوەیە".
ئیلهام داواى کرد، دەسكەوتەكانی باشووری كوردستانیش بپارێزرێن و كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان پشتگیری لە خەباتی رەوای گەل لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن، چونكە ئێمە یەك دڵ و یەك نەتەوەین.