پۆلیسی دووبز هاوینەهەواری پردێ دادەخات و هۆشداری دەدات

:: PM:10:24:21/03/2026 ‌
پۆلیسی دووبز بڕیاری دا بە تەواوی هاوینەهەواری پردێ دابخات، هۆشدارییەكی بەپەلەیش ئاراستەی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات.

لە راگەیەنراوەكەی پۆلیس دا هاتووە، داوا لە خەڵك دەكەین لە ئێستە روو نەكەنە پردێ، ناوچەی نەمرە هەشت و دارستانەكانی شوناعە، ئاماژە بەوەش كراوە، وەك رێكارێكی خۆپارێزی و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، رێگە نادرێت هیچ كەسێك بچێتە ناو هاوینەهەوارە گەشتیارییەكەی شارەدێكەوە.

لەبارەی هۆكاری دەركردنی ئەم بڕیارە، روون كراوەتەوە كە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی رووبارەكە بەشێك لە زەوییە نزیكەكانی داپۆشیوە و مەترسیی خنكان یان ئاوبردن بەهۆی بەهێزیی تەوژمی ئاوەكەوە دروست بووە، بۆیە پاراستنی گیانی گەشتیاران لەم دۆخەدا لە پێشینەی كارەكاندایە.

هەر لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەهاناوەچوونی خێرا، تیمەكانی بەرگریی شارستانی و تیمی فریاگوزاریی ئاوی ناوچەكە و بەدرێژایی كەناراوەكانی رووبارەكە بڵاوەیان پێكراوە.

ئەو تیمانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ چاودێریكردنی وردی دۆخەكە و دەستوەردانی خێرا لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و كتوپڕدا.


وشە - سۆران عەزیز