ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئاداری 2026، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشداریی دا لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین کە لە نێوان 25 تا 27ی ئەم مانگە ناوچەکە دەگرێتەوە.
بەپێی دوایین نەخشەکانی کەشوهەوا، لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ بارستەهەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی هەوا، ناجێگیری لە کەشوهەوای ناوچەکەمان دروست دەبێت کە ماوەی چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە کە بە شێوەی نمەباران، بارانی مامناوەند و لە هەندێک کاتیشدا لێزمەباران، هەورەبروسکە و تەرزەی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن لەگەڵدا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ. هەروەها خێرایی با لە هەندێک کاتدا بۆ سەرووی 50 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەرێم، و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ چوار تا شەش پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم چەند هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردووەتەوە و داوا دەکات کە هاووڵاتییان لە سەرچاوەی ڕووبارەکان، چەم و دۆڵەکان دوور بکەونەوە لەبەر مەترسیی دروستبوونی لافاوی لەناکاو. هەروەها بەهۆی هەورەتریشقەی بەهێزەوە، پێویستە لە ناوچە شاخاوییەکان، دەشتە کراوەکان و شوێنە بەرزەکان دوور بکەونەوە و وا باشترە نەچن بۆ گەشت و سەیران. هاوکات ئاماژەی بە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکان و زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 50 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا کرد، کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
لە کۆتاییدا ڕوون کراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی دابارین بە پلەی یەکەم لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگای کەرکووک، پارێزگای سلێمانی، چەمچەماڵ و بەشێک لە ناوچە دەشتاییەکانی پارێزگای هەولێر بێت.