ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئاداری 2026، ئیدارەی بەنداوی دهۆک ئاشکرای کرد کە ئاستی ئاو لە دەریاچەی بەنداوەکە زۆر بەرز بووەتەوە، و ڕوونی کردەوە کە بەنداوەکە پێویستی بە نزیکەی سێ مەتر و 20 سانتیمەتر ئاوی تر هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی پڕ ببێت و سەررێژ بكات.
فەرهاد محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییە بە شێوەیەکی ڕوون بەشداریی کردووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ناو دەریاچەکە"، و ئاماژەی بە تۆمارکردنی داهاتێکی باشی ئاو لەم ماوەیەدا کرد.
بەڕێوەبەری بەنداوەکە ڕوونی کردەوە، بڕی ئەو ئاوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە بەنداوەکە، لە 16 ملیۆن مەتر سێجا تێپەڕی کردووە، هەروەها گوتی، تا ئێستە ئاستی ئاو بە زیاتر لە حەوت مەتر و 20 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
بەپێی داتا تۆمارکراوەکان، بڕی ئەو بارانەی لە هەردوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی بەنداوەکە باریوە گەیشتووەتە نزیکەی 595 ملیمەتر، ئەمەش بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر یەدەگی ئاوەکە هەبووە.
فەرهاد محەمەد تاهیر پێشبینیی کرد قەبارەی داهاتی ئاو بۆ بەنداوەکە زیاتر ببێت، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامیی بارانبارین لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەتایبەتی ڕۆژی پێنجشەم، و دووپاتی کردەوە کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت دەریاچەی بەنداوەکە پڕ ببێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە بەنداوەکە پێویستی بە نزیکەی سێ مەتر و 20 سانتیمەتری تر هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی پڕ ببێت، و ڕوونی کردەوە کە "ئەمەش پێویستی بە هاتنی حەوت بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ گەیشتن بە توانای سروشتیی خۆی کە 52 ملیۆن مەتر سێجایە."