قایمقامی سلێمانی داوا لە خەڵك دەكات پارە بدەن و وەك قەرز لای خاوەن موەلیدە دەمێنێتەوە

:: PM:01:23:25/03/2026 ‌
لەبارەی وەرگرتنی بڕەپارەیەكی تر لەلایەن خاوەن موەلیدەكان لە خەڵكی سلێمانی، قایمقامییەتی شارەكە ڕوون كردنەوە دەدات و دەڵێت: "وەك قەرز لای خاوەن موەلیدە دەمێنێتەوە."

لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئادار بڵاو كراوەتەوە، قایمقامییەتی سلێمانی بەشدارانی موەلیدەكانی سنووری قەزای مەڵبەندی سلێمانی دڵنیا دەكاتەوە كە پێدانی پێشینەی دووەم بە خاوەن موەلیدەكان ئاساییە، زیادەی بڕەپارەی پێشینەی دووەم بەهەدەر ناچێت و بۆ پێدانی كارەبای داهاتوو، وەك قەرز لای خاوەن موەلیدە دەمێنێتەوە."

هەر لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بڵاوی كردەوە: "حەوت هەزاری یەكەم بۆ 15 ڕۆژی پێدانی كارەبا بوو بۆ 120 سەعات، ئێستە لەو بڕەی وەرگیراوە كارەبایان زیاتر داوە، بۆیە بە فەرمانی قایمقامییەتی سلێمانی حەوت هەزاری دووەم كۆ دەكرێتەوە."

ئاشكراشی كردووە: "ئەگەر لەم هەفتەیەدا كارەبا ئاسایی بێتەوە، ڕەنگە 40 سەعات كارەبا بكەوێتە لای موەلیدەكان وەك باڵانسی هاووڵاتی، بۆ لەمەودوا ئەگەر كارەبا بڕا، یەكسەر ئەوان وەك تاكە جێگرەوە ئیشی خۆیان دەكەن."



وشە - سۆران عەزیز