وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات: هێرشەكەی ئێران بۆ سەر پێشمەرگە پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە

:: PM:06:56:25/03/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئاداری 2026، دەوڵەتی ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییە "تیرۆریستییە ناپاکانە"ی ئێرانی کرد کە دوو بارەگای سەربازییان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، بەهۆیەوە دەیان پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە کە "ئەم دەستدرێژییانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکاریی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتین"، هاوکات هاوسۆزیی تەواوی دەوڵەتی ئیماراتی لەگەڵ کۆماری عێراق و حكوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە کردەوە، سەرباری پاڵپشتیکردنی بۆ هەر هەنگاوێک کە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی بپارێزێت و سەقامگیرییەکەی بهێڵێتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی شەهیدان، حكوومەتی عێراق، گەلەکەی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەم هێرشە تاوانکارییە، و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

دوێنێ سێشەم، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی 30ی تری ڕاگەیاند، ئەوەش لە ئەنجامی بۆردمانکردنی بارەگای فیرقەی حەوتی پیادەی ناوچەی یەکەم و یەکەکانی فیرقەی پێنجی پیادە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە باکوری پارێزگای هەولێر، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی.

هەر ئێوارەی دوێنێ سێشەم، سوپای ئێران بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری لەناو هەرێمی کوردستان بە مووشەکی زەوی ڕاگەیاند.


وشە - پۆڵا مەحموود