مەسروور بارزانی سوپاسی نێردەی ئەمەریکا دەکات بۆ هاوخەمیی لەگەڵ پێشمەرگە

:: PM:11:04:25/03/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئاداری 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاسی باڵوێز تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیای کرد، بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکان.

مەسروور بارزانی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سەکۆی "ئێکس" نووسیویەتی "سوپاسی بەڕێز باڵوێز تۆم باراکم کرد کە سەرەخۆشیی خۆیانی پێگەیاندین بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و هاوخەمیی لەگەڵماندا دەربڕی."

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆکی حكوومەت ستایشی پێوەندی و هاوبەشییەکانی نێوان هەولێر و واشنتنی کرد و ڕای گەیاند، هاوبەشیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لەم کاتە هەستیارەدا بەرز دەنرخێنین و چاومان لە بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکانمان.


وشە - پۆڵا مەحموود