ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی گرنگی بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێم دەرکرد کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوێنن، و بڕیاری دا ماوەی مانەوەیان لە هەرێم درێژ بکاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، بەهۆی بەردەوامیی بارودۆخی شەڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها لە پێناو پاراستنی گیانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکردووە:
یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی قوتابییان لە هەرێمی کوردستان لە 28ی ئاداری 2026 تا 15ی نیسانی 2026.
دووەم: لە دوای ئەم ڕێکەوتەوە، وەزارەت جارێکی تر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بڕیار و ڕێنماییی گونجاو دەردەکات.
سێیەم: ئەو ماوەیە بە ماوەی مانەوە بۆ قوتابییان هەژمار دەکرێت، و دواتر لە کاتی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیاندا هیچ کێشەیەکیان نابێت.