لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەن

:: PM:08:11:28/03/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، دوای ئەوەی لە هێرشێکی درۆنیدا ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک کرایە ئامانج، سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە زنجیرەیەک پەیامدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارەیان کرد و داوای هەڵوێستی ڕژد لە حكوومەتی عێراق دەکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕای گەیاند، کردەوەی لەم شێوەیە قبووڵکراو نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی کرد بۆ دەستنیشانکردنی بکەران و لێپرسینەوە لێیان، و ئامادەییی خۆیشی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی، تا ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکرێت.

لە لایەکی ترەوە، دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی کرد و پاڵپشتیی هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەربڕی. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، ئەرکێکی نیشتمانیی هەموولایەکە، و هۆشداریی دا کە ئەگەر سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دانەنرێت، دەرگای پەرەسەندنی خراپتر بەڕووی ناوچەکەدا دەکرێتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، وێڕای شەرمەزارکردنی پەلامارە دوژمنکارانەکە، دەسەڵاتدارانی عێراقی بە بەرپرسیاری یەکەم زانی، و ڕای گەیاند کە ئەم پێشهاتانە لە بەرژەوەندیی دۆخی ناوچەکە و عێراقدا نین. هەروەها داوای کرد کورد واز لە دەستەواژەی وەک "گرووپی میلیشیا و لەیاسادەرچوو" بهێنێت، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەوانەی پەلاماری کوردستان دەدەن بەشێکن لە سیستمی بەرگریی عێراق و تەنیا لە چەمکی وەڵامدانەوەی هاوشێوە تێدەگەن.

هاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە "تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە"ی کرد و نێچیرڤان بارزانی بە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز وەسف کرد کە ڕۆڵی بەرچاوی لە هێنانەدی ئاشتی لە هەرێم و عێراق هەبووە. بزووتنەوەی ئیسلامی هیوای خواست حكوومەتی عێراقی ڕێکاری یاساییی پێویست بەرانبەر بەو گرووپ و لایەنە یاخییانە بگرێتەبەر و سنوورێکیان بۆ دابنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود