ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاریی خۆی بۆ ئەو هێرشە ترسنۆکانە درۆنییە ڕاگەیاند کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.
سەرۆکی حكوومەت لە پەیامەکەیدا، جارێکی تر داوای لە حكوومەتی فیدراڵی کرد کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەو تاوانبارە لەیاسادەرچووانە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە پێویستە سنوورێک بۆ بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە دابنرێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسروور بارزانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانی هەرێم کرد، کە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا و دووپاتی کردەوە، هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەگرینەبەر.