هۆشیار زێباری: گرووپەكانی عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەكرێن

:: AM:08:49:29/03/2026 ‌
هۆشیار زێباری گەیاند، گرووپەكانی عێراق كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەكرێن، خاوەنی ئامانجی خۆیانن، هێرش دەكەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشێوی بنێنەوە و عێراق پەلكێشی ناو ئەم جەنگە بكەن. دەشڵێت، "هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێم نموونەیەكی زیندووی ئەم ڕاستییەیە". 

هۆشیار زێباری ئەمشەو لە پەیامێكدا لە پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی، گرووپە چەكدارەكانی عێراقی كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە و كۆنترۆڵ دەكرێن و لە مەیدانەكەدا لەگەڵیان كار دەكەن، خاوەنی ئامانجی خۆیانن.

دەشڵێت، ئەو گرووپانە بێگوێدانە حكوومەتی عێراق و بەدەر لە فەرماندەیی و كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی، هێرش دەكەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشێوی بنێنەوە و عێراق پەلكێشی ناو ئەم جەنگە وێرانكەرە بكەن. ئەمە دەبێت هەر ئێستە ڕابگیرێت.

هۆشیار زێباری لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێت، "بەتایبەتی هێرشەكەی ئەمڕۆ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك، نموونەیەكی بەرچاو و زیندووی ئەم ڕاستییەیە". 

لەلایەكی ترەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا، هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك سەركۆنە دەكات و بەكارێكی "تیرۆرستی" وەسفی دەكات.

دەشڵێت، "ئەم كردەوە تیرۆریستییانە گوزارشت لە هەوڵەكانی دوژمن دەكەن بۆ زیانگەیاندن بە ئاشتی، سەقامگیری و هاوكارییە ناوچەییەكان".

ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر ماڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك، هەرزوو محەمەد شیاع سوودانی، بەشێك زۆر لە سەركردە سیاسییەكان سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد كە گرووپە چەكدارەكانی عێراق بە هێرشەكە تۆمەتبار دەكرێن.

هاوكات ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد و  پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەركۆنەی هێرشكردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد.



وشە - سۆران عەزیز