رێكخراوەكانی كوردستان: لیژنە و تەلەفۆن چارەسەر نییە بۆ دۆخەكە

:: PM:04:50:29/03/2026 ‌
سەندیكا و یەكێتی و رێكخراوەكانی كوردستان بەیاننامەیەكیان لەبارەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، لیژنەكاری، پەیامی هاوخەمی، تەلەفۆن كردن و سەركۆنە كردن چارەسەری كردەیی نین بۆ دۆخی ئێستەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە وەك سەندیكا، یەكیتی و ڕێكخراوەكانی كوردستان، بە توندی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی بارەگای بارزانی، ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە كە شەهید و برینداری لێكەوتەوە، سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین.

"ئەم هێرش و پەلامارانە پێشهاتی مەترسیدارن بۆ دۆخی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لەم شەڕەدا بێلایەنە و هیچ كات نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەن و وڵاتێك. هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئاشتی و ئارامی بووە بۆ ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێ". لە بەیاننامەكەدا وا نووسراوە.

هەروەها داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن چارەسەرێكی بەپەلە و رژد بدۆزێتەوە بۆ ڕێگری كردن لەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە و بە زووترین كات بە سزای یاساییان بگەیەنێت. هەروەك پێیان وایە كە بەردەوام بوونی هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نیەتێكی رژد نییە بۆ ڕێگری كردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندی لیژنە و لیژنەكاری و پەیامی هاوخەمی و تەلەفۆن كردن و سەركۆنە كردن چارەسەری كردەیی نین بۆ دۆخی ئێستەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هاوكات داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەن هاوكاری هەرێمی كوردستان بن بۆ ڕێگری كردن و كۆتاییهێنان بەم هێرشە ناڕەوایانە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم