ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پێوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئیڤێت کووپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستانیان کرد.
لە پێوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە توندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەمووی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد. هەروەها هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆكی هەرێم و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون.
خاتوو کووپەر هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت، و پابەندیی بەردەوامیی هاوکاری و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ هەولێر دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێوەندیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پشتگیری و هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ.
لە تەوەرێکی تری پێوەندییەکەدا، دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیهانەوە، بیروڕایان گۆڕییەوە. لەم بارەیەشەوە هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە.