پەروەردە دڵنیایی دەدات: مافی قوتابییان پارێزراوە و ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکرێتەوە

:: PM:10:06:29/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕاگرتنی دەوامی ئامادەبوونی ناو پۆلی لە سەرجەم قوتابخانەکان ڕاگەیاند و شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن، بڕیار درا بە ڕاگرتنی دەوام لە سبەی دووشەم (30ی ئادار)ەوە، بە شێوەی ئامادەبوون لە ناو هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حكوومی، ناحكوومی و نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان. ڕوونیشی کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە، پرۆسەی دەوامکردنی ناو پۆل لە هیچ ناوەندێکی خوێندن ئەنجام نادرێت.

سەبارەت بە شێوازی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە کە قوتابخانە حكوومییەکان دەتوانن بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی سوود لە خزمەتگوزارییەکانی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) و (قوتابخانەکەم) وەربگرن، یان سوود لە گرووپە ئەلیکترۆنییەکانی قوتابخانەکان وەردەگرن بۆ پێدانی ئەرکی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایانەوە بە شێوەی ڕۆژانە. ئەمە وێڕای پەخشکردنی وانەکانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە هەر سێ تەلەڤزیۆنی پەروەردەییی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پەخشیان هەیە.

لەبارەی قوتابخانە ناحكوومییەکانەوە، وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە قوتابخانە ناحكوومییەکانی سیستمی وەزارەتی پەروەردە، هەروەها قوتابخانە ناحكوومییە نێودەوڵەتی و بیانییەکان، خوێندنی ئۆنلاین بەگوێرەی سیستمی خۆیان بەکار دەکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابییان کە لە کاتی گونجاودا هەموارکردنەوە و گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندندا دەکرێت، کاتی تاقیکردنەوەکانیش دیاری دەکرێت و مافی هەموو قوتابییان پارێزراو دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود