حزبی شیوعی دوای 92 ساڵ لە دامەزراندنی، بۆ یەكەمین جار هیچ بۆنە و چالاكییەك لە شارى سلێمانی ئەنجام نادات، ئەوەش بەهۆی دۆخی تەناهی و شەڕ.
ئەمڕۆ 30ـی ئادار، لە روونكردنەوەیەكی مەڵبەندی حزبی شیوعیدا هاتووە، وا بڕیار بوو رۆژی سێشەم لە یادی (92) ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعیی كوردستان و عێراق، لە بارەگای مەڵبەندی سلێمانی رێوڕەسمی پێشوازیی لە میوانەكان بكەین، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە شاری سلێمانی گرتەوە، مەڵبەندی سلێمانیی حزبمان بڕیاری دا كە پێشوازیكردنەكە ئەنجام نەدات، لەبەر بارودۆخی تەناهی و پاراستنی گیانی هەمووان.
ئاماژە بەوەش كراوە، تا ئێستە دووجار بەدرۆن هێرش كراوەتە سەر بارەگای پێشووی UN لە گردی ڕیعایە كە بارەگای مەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی دیواریان بەدیواریانەوەیە.
مەڵبەندی سلێمانی داوای لێبوردن لە حزب و لایەنە سیاسییەكان و هاوڕێیان و دۆستان و كەسایەتییە شارەكە دەكەن، ساڵانە سەردانیان كردوون و "بە هاتنیان ئەم یادەیان لەگەڵماندا پیرۆز كردووە".