وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێكارەكانی تەواوكردنی پرۆسەی خوێـندن بەشێوازی ئۆنلایـن و دیجیتاڵی بڵاو دەكـاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 30ـی ئادار، وەزارەتی خوێندنی باڵا وردەكاری خوێندنی ئۆنلاین بڵاو كردەوە:
1-پرۆسەی خوێندن لە ڕێكەوتی (٣٠/٣/٢٠٢٦) بەشێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە، بە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیشەوە.
2-دەسەڵات دەدرێتە زانكۆ و پەیمانگەكان بەپێی شوێنی جیۆگرافی و تایبەتمەندی بەشە زانستییەكان بۆ گرتنەبەری هەر شێوازێكی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی و بەكارهێنانی یەكێك لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەكان.
3-سەرەڕای خوێندنی ئۆنلاینی ڕاستەوخۆ، زانكۆ و پەیمانگەكان پێویستە تەواوی وانەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستەبەر بكەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەی كە بەكاری دەهێنن بۆ وانەگوتنەوە.
4-كۆلیجە پزیشكییەكان جگە لەو بابەتانەی كە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراكتیكی و تیۆرییەكانی تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەكان و بەردەوامی بەخوێندن بدەن.
5-ئەو وانانەی كە بەشێوەی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لە كاتی دەوامی فەرمی و خشتەی وانەكانی ڕۆژانەدا بن، واتە نابێت بخرێنە دوای دەوامی فەرمی و شەوان.
6-لەبارەی وانە پراكتیكییەكان، ئەو وانانەی كە دەكرێت لە ڕێگەی ئۆنلاین بگوترێنەوە بەپێی پسپۆڕییە جیاوازەكان، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراكتیكییانەشی كە پێویستی بەناو كەمپەس دەبێت، زانكۆ چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەفتەكانی دواتر دەكەن بۆ ئەوەی لەكاتی ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكە لەناو كەمپەس وانەكان بگوترێنەوە.
7-لەبارەی تاقیكردنەوەكان، پێویستە لەسەر زانكۆ و پەیمانگەكان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە، بەپێی خشتەیەكی گونجاو بۆ هەر كۆلیج و بەشێكی زانستی تاقیكردنەوەكان ڕێكبخرێن، بەمەرجێك ڕەچاوی هاتوچۆی خوێندكارانی دەرەوەی شار بكرێت، لە هەمان كاتیشدا خشتەی كۆلیجەكان لە یەك كاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستی دروست نەبوونی قەرەباڵغی ناو زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكان.
8-كۆرسی خولەكانی پێداگۆجی و سەنتەرەكانی زمان بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.
9-گفتوگۆی نامەكانی (ماستەر، دكتۆرا) وەك پێشتر وەزارەتمان بڕیاری لەبارەوە دابوو، تەنیا سەرۆك و ئەندامانی لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەی گفتوگۆكە دەبن.
10-بەڕێوەبەرایەتیی ئایتی لە سەرۆكایەتیی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەركی خۆیان هەڵسن، بۆ چارەسەكردنی هەر گرفتێكی تەكنیكی بۆ كۆلێج و بەشەكان و هاوكاریكردنی خوێندكاران و قوتابیان.
11- بۆ هەر پرسێك كە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەی پێ نەكراوە، ئەوا زانكۆ و پەیمانگەكان پێوەندی بە فەرمانگە پێوەندیدارەكانی ناو دیوانی وەزارەت دەكەن بەمەبەستی ڕێوشوێنیكردنیان.