پارێزگای هەولێر: پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی گەیشتە قۆناغی كۆتایی

:: PM:02:30:30/03/2026 ‌
پارێزگای هەولێر رای گەیاند، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە قۆناغی كۆتاییدایە، سەتان هەزار دار زەیتوون و فستق دەچێنرێن. 

ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئادار، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە كاركردن لە قۆناغی یەكەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەپێی پلان بەردەوامە، بەشی یەكەمی ئەم قۆناغە لە كۆتاییدایە و بڕیارە سەتان هەزار داری زەیتوون و فستق بچێنرێن.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە ئەمە پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیجییە و سیمایەكی زۆر جوان و ژینگەیەكی تەندروست بە هەولێر دەبەخشێت. 

بەگوێرەی بە دواداچوونی "وشە" لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر، حەوت ملیۆن نەمامی زەیتوون و پستە دەچێنرێن‌، هەروەها 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو دروست دەكرێت. 

زانیارییەكی گرنگ ئەوەیە كە بەهۆی ئەو پشتێنەوەیە 140 هەزار تۆن تا 210 هەزار تۆن، دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكات. 

بەگوێرەی قسەی شارەزایان، پشتێنەی سەوزایی دەبێتە هۆی زیادكردنی سەوزایی لە هەولێر و پاككردنەوەی هەوا و دابەزاندنی پلەكانی گەرما و بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون. 

هەروەها هۆكاری سەرەكی دەبێت بۆ رەخساندنی هەلی كار و زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ، رێگریش دەبێت لە بەردەم كەمكردنەوەی رێژەی خۆڵبارین و باشتركردنی كوالێتی ژیان. 

جێی ئاماژەیە كە لەم حكوومەتەدا، رێژەی سەوزایی لە 15% بەرز كراوەتەوە بۆ 18% و بە تەواوبوونی پشتێنەكە، ئەو رێژەیە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم