وەزارەتی پەروەردە: دەتوانن بە ئۆنلاین وانەكان بڵێنەوە

:: AM:10:44:31/03/2026 ‌
دوای ئەوەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كرایە ئۆنلاین، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دەتوانن بە ئۆنلاین وانەكان بڵێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ژمارەیەك قوتابخانەی (حكوومی)یەوە پرسیار ئاراستەی ژووری ئەلیكترۆنیی وەزارەتمان كراوە، ئایا ئێمە وەك قوتابخانەی حكوومی دەتوانین لە ڕێگەی زووم یان گووگڵ میت یان مایكرۆسۆفت تیمز یان هەر سەكۆیەكی تر، وانەی ئۆنلاین بە قوتابییەكانمان بڵێینەوە و مامۆستای خۆمان وانەكە بڵێتەوە؟.
 
وەزارەتی پەروەردە لە وەڵامدا دەڵێت، وەڵامی فەرمی وەزارەت ئەوەیە بەڵێ دەتوانن ئەگەر كارگێڕیی قوتابخانە و بەشی زۆری مامۆستاكان ڕەزامەند بن، دەتوانن خشتە دابنێن و بە ئۆنلاین وانەكان بڵێن بە قوتابیان، دەشتوانن ئەگەر هۆبەیەك ژمارەی قوتابیانی زۆر بوو و ئارەزوویان كرد بیانكەنە دوو گرووپ، دەتوانن بۆ هەر گرووپێك وانەی 20 خولەكی پێشكەش بكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، پێویستە قوتابخانە بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكەی ئاگادار بكاتەوە، تا ئەو مامۆستایانەی بە ئۆنلاین وانە دەڵێنەوە، لەگەڵ ستافی كارگێڕیی قوتابخانەكەیان ڕێز و سوپاسی فەرمی وەزارەتیان پێشكەش بكرێت.



وشە - رامیار جەواد