د.فازڵ نەبی بۆ "وشە": مەرجی ناردنی 120 ملیارەكە نامێنێ‌ و عێراق دەتوانێ‌ تا شەش مانگی تر مووچە بدات

:: PM:06:02:31/03/2026 ‌
د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق زانیاری لەسەر مووچەی مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەران ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، عێراق بەو دۆخەی ئێستەوە دەتوانێ‌ تا نزیكەی شەش مانگی تریش مووچە دابین بكات. 

ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئادار، د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، عێراق مووچە رەوانە دەكات و بۆ ئەم مانگە نەرمی لە داهاتی 120 ملیارەكەدا دەنوێنێ‌ ئەوەیش بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە. 

ڕوونیشی كردەوە، پێویستە ئێستە شاندێكی هەرێمی كوردستان بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا تا قسە لەسەر ژمارەیەكی تری داهاتی ناوخۆ بكەن و مووچە دوا نەكەوێت، چونكە ئێستە داهات بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

لەبارەی ئەوەی عێراق توانای هەیە بەم دۆخەی ئێستەوە تاكەی لەناردنی مووچە بەردەوام بێت، د.فازڵ نەبی گوتی، وەزارەتی دارایی عێراق هیچ پارەیەكی یەدەگی نییە، ئەوەی هەیە بانكی ناوەندییە كە بەگوێرەی یاسا ناتوانێ‌ قەرزیش بە حكوومەت بدات، بەڵام ڕێی تر هەیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ بانكی ناوەندی ئەو ڕێگەیە بدۆزنەوە، ئەوە دەتوانن تا شەش بۆ حەوت مانگی تر مووچە دابین بكەن، بێگومان بە هی هەرێمی كوردستانیشەوە. 

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردبووەوە، بۆ ئەم مانگە بەغدا نەرمی دەنوێنێ‌ لە داهاتی ناوخۆی 120 ملیار دینارەكە و وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كردستانیش دوێنێ‌ رای گەیاندبوو، مەرجی ناردنی 120 ملیارەكە لای عێراقیش نەماوە. 






وشە - وشه‌