چەند سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەو دۆخەی كەناڵەكەی دروستی كردووە، نامەیەكی ناڕەزایی دەدەنە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دەڵێن، كاتی ئەم جۆرە قسانە نییە كە كەناڵەكەی دەیكەن.
لەماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا، لەبارەی رووماڵی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی چەند زانیاری و لۆكەیشنێكی بڵاو كردووەتەوە، جیا لەوەی چەندان جار ناوی زانكۆی ئەمەریكی لە دهۆك هێناوە، بەبێ گوێدانە دۆخی ناوچەكە، ئەوەیش چەند سەركردەیەكی یەكێتیی توڕە كردووە و نامەیەكیان لەبارەیەوە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی كردووە.
ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئادار، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە كەناڵەكە، بۆ "وشە" گوتی، بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵەكە لەلایەن نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی ئاگەدار كراونەتەوە كە پێویستە لەم قۆناغەدا دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتی پابەند بكرێت بە ئەخلاقەوە، چونكە ئەوەی ئێستە لەو شاشەیەوە دەگوترێ خزمەت نە بە حزب و نە كوردستان و نە هیچ شتێكی تر دەكات.
"ئەوە بە بۆردەكە گوتراوە كە بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی بافڵ تاڵەبانییان ئاگەدار كردووەتەوە تا بەر لەو كارانە بگرێت كە لەو كەناڵەوە دەكرێن، بەتایبەت بخرێتە چوارچێوە ڕێنوێنی میدیاكانی یەكێتی كە لە چەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی ڕێنوێنی نوێ بە میدیا فەرمییە حزبییەكان داوە". سەرچاوەكە وای گوت.
ئەوە لەلایەكی تر كە بەردەوام ئەو كەناڵە بێ كاریگەر پێناسە كراوە باسی ئەوەیش كراوە كە لەم قۆناغەدا ئەو بەكارهێنانی ئەو زمانە زبرە خزمەت ناكات.
جێی ئاماژەیە كە پێشتریش بافڵ تاڵەبانی كە خاوەندارییەتی كەناڵ هەشت دەكات ئەوەی پێ گوتبوون كە هیچ كاریگەرییەكیان نییە و نەیتوانوە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ئامانجەكان بە تەواوی بپێكن، ئەوەیش هۆكار بوو كە كەناڵەكە هێڵی كاركردنی وەك ئۆپۆزسیۆن لێ بكات بەڵام بە زمانی زبر و جنێودان نەك پیشەییانە.