ئاراس شێخ جەنگیی برای لاهوور شێخ جەنگی كە ئێستە لە گرتووخانەكانی یەكێتیدایە، رای گەیاند کە لاهوور لە گرتووخانەی ئاسایش و لە ژووری تاكەكەسییە، "نیگەرانن كە هێشتا دادگایی نەكراوە".
ئاراس شێخ جەنگی باسی لەوە كرد، هەواڵی ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی راست نییە و چاوەڕوان دەكرێت دادگایی بكرێت، هەفتانە منداڵەكانی سەردانی دەكەن و رێگەیان بۆ ئەوە پێ دراوە.
ئاراس شێخ جەنگی ئەوەی بە كەناڵی كوردستان24 گوت، كە ئەو ناتوانێ بچێتەوە بۆ سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە هەڕەشەی لێ كراوە.
ئەو لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كرد، كە ئەوان لە گرتووخانەدا تەلەڤزیۆنیان لایە و ناوبەناو مۆبایلیان پێ دەدرێت، بەڵام لە گرتووخانەی تاكەكەسیدان و پۆڵاد برینەكەی ساڕێژ بووە.
لەبارەی ئەو پارە و موڵكانەی لاهوور شێخ جەنگی كە دەستی بەسەردا گیرابوو، ئاراس شێخ جەنگی گوتی، ئەو ئاگەداری وردەكارییەكان نییە و پارێزەرەكەی دەزانێت.
لەبارەی دادگایكردنی ئەوەی گوت، دادگای تەمیزی هەولێر داوای دۆسیەكانی كردووە، "بەڵام یەكێتی خۆی لە گێلی داوە و نووسراوی فەرمی دادگە نانێرن بۆ هەولێر".
لێدوانی ئاراس شێخ جەنگی لە كاتێكدایە كە لە 22ی ئابەوە، لاهوور شێخ جەنگی و برایەكی تری لەلایەن یەكێتییەوە گیراون، ئەوە دوای ئەوەی هێرش كرایە سەر لالەزار و دوو سەعات رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووی دا.