بەهۆی لێدانی سێ درۆن بۆ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی رۆنی ئۆتۆمبێل، ئاگرێكی گەورە كەوتووەتەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەهۆی مەترسیی هێرشی تر تیمەكانی ئاگركوژێنەوەمان كشاندووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەك هێرشی درۆنی كراوەتە سەر كۆگەیەكی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێكی گەورە كەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی پارێزگاری هەولێر، هێرشی یەكەم لە سەعات 7:30ـی بەیانی ئەنجام دراوە. دەستبەجێ تیمەكانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، بەڵام لە سەعات 8:40 و لە كاتی سەرقاڵبوونی تیمەكان بە كارەكانیان، جارێكی تر لە ڕێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش كراوەتەوە سەر هەمان شوێن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش كرد، زنجیرە هێرشەكان بەردەوام بوون و لە سەعات 10:20 پێش نیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم، درۆنێكی تر لە شوێنی ئاگرەكەی داوە. بە گشتی سێ درۆن لە كۆگەكەیان داوە و درۆنێكی تریش پێش پێكانی ئامانجەكەی، لە ئاسماندا تەقێنراوەتەوە.
لەبارەی دۆخی ئێستەی شوێنی ڕووداوەكە، پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، لە پێناو پاراستنی گیانی كارمەندانی هێزە تەناهییەكان و تیمەكانی بەرگریی شارستانی، داواكراوە لە شوێنی ڕووداوەكە دوور بكەونەوە، چونكە بەهۆی سێ جار بۆردمانكردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەكەوە، هیچ شتێك لەناو كۆگەكەدا نەماوە نەسووتابێت.
لە كۆتاییدا ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند، بەهۆی مەترسییەكان و نەبوونی هیچ شتێكی ڕزگاركراو لەناو كۆگەكەدا، ئێستە تیمەكان چاوەڕێ دەكەن ئاگرەكە خۆی بكوژێتەوە، سەرەڕای هوشداریی بەرگریی شارستانی و هێزە تەناهیەكان، داواشی لەو هاووڵاتییانە كرد كە لە شوێنی ڕووداوەكە كۆ بوونەتەوە، بۆ سەلامەتی و پاراستنی خۆیان لەم شوێنە دوور بكەونەوە.