كۆمپانیای كاسترۆل بۆ بەرهەمهێنانی رۆن، بەیاننامەیەكی لەسەر ئەو هێرشانە بڵاو كردەوە كە كراونەتە سەری و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك ئێمە بەشێك نین لە ململانێكان.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، كۆمپانیای كاسترۆل بۆ بەرهەمهێنانی رۆن كە بەشێكە لە گرووپی كۆمپانیاكانی سەردار لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، كۆمپانیایەكی مەدەنین و مۆڵەتی كاركردنمان هەیە.
ئەو كۆمپانیایە دەڵێت، لە سەعات 7:20 بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرش كرایە سەرمان، لە كاتی كوژاندنەوەی ئاگردا، شوێنەكە بە هێرشی دووەمی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كرایە ئامانج، دوای ماوەیەكی كەم هێرشی سێیەم ئەنجام درا.
ئەو كۆمپانیایە ئاماژە بەوەش دەكات، دووپات دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە بە هیچ شێوەیەك بەشێك نین لە ململانێكان، چالاكییەكانمان سنووردارە و كاری وەبەرهێنان و كاری خزمەتگوزاری لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەین.
بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی خەبات، كۆمپانیای كاسترۆل بە سێ درۆن كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە كارگەكەیان بە تەواوەتی سووتا.