نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە تۆم باراك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیاوە پێگەیشت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە باراك پەیامی دۆناڵد ترەمپی گەیاند كە تیایدا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و هێرشە درۆنییەكەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆك دەكات. ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆی و هاوخەمیی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕیوە و هیوای زووچاكبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.
لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باراك هەروەها دووپاتی لە پشتگیریی تەواوی ترەمپ و ئەمەریكا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێوەندییەكەی كرد و پێزانینی بۆ هەڵوێست و هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.