لە نسێبین گۆڕی تێكۆشەرانی كورد شوێنرا

:: AM:09:43:02/04/2026 ‌
لە گۆڕستانی "حەجاجیلەر" لە نسێبین هێرش كرایە سەر گۆڕی تێكۆشەرانی كورد، مەبیادەر هێرشەكەی شەرمەزار كرد و ڕای گەیاند، دەبێت بكەرانی ئەم كارە بدۆزرێنەوە.

گۆڕستانی "حەجاجیلەر" لە نسێبین، بەشێكی زۆر لە تێكۆشەرانی شۆڕشەكانی كوردی تێدایە، تێكۆشەرانی كۆن و نوێش.

ساڵح كودای هاوسەرۆكی مەبیادەر لە مێردین ڕای گەیاند، بەو هێرشانە ناتوانن كورد لەناو ببەن، ئەمە هێرشێكی بێڕەوشتانەیە و تەنیا دژی كورد نییە، بەڵكو دژی هەموو مرۆڤایەتییە، هیچ ئاین و ئایدۆلۆجیایەك ڕێگە بە هێرشكردنە سەر گۆڕستان نادات.

بەهۆی ئەو هێرشەوە كێلی گۆڕەكان و مەڕمەڕەكانی دەوروبەریان شكێنراون، ئەو دارانەشی لە تەنیشت گۆڕەكان چێنرابوون هەڵكێشراون.

هێرشەكە لەو كاتەوەی خۆپێشاندان دژی هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێ كردووە، هێزە تەناهییەكان لە بەردەم گۆڕستانەكەدا جێگیر كراون، بۆیە گومان دەكرێت هێرشەكە لەلایەن ئەو سەربازانەوە ئەنجام درابێت.

 هەروەها زانیاریی ئەوەش خراوەتە ڕوو كە دوو هەفتە لەمەوبەریش هێرشێكی هاوشێوە كراوەتە سەر هەمان گۆڕستان.

كودای باسی لەوەش كرد، كامێرای چاودێری لە هەموو شوێنێكی ناوچەكەدا هەیە و ئەگەر هێزەكان بیانەوێت، دەتوانن بە زووترین كات ئەم ئاژاوەگێڕانە دەستنیشان بكەن.


سێبین یەكێك لە شارۆچكەكانی باكوری كوردستانە كە لە پارێزگای مێردین هەڵكەوتووە. زۆربەی دانیشتووانی نسێبین كوردن. نسێبین هاوسێی شاری قامیشلۆ لە كوردستانی سووریایە و لە سەرەتادا قامیشلۆ شارۆچكەیەكی سەر بە نسێبین بووە، بەڵام لە دوای دابەشبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی، بوون بە دوو شار و لە یەك جیا بوونەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز