كەسوكاری گیراوانی هۆتێل لالەزار، خۆپێشاندانێكیان لە بەردەم ئاسایشی سلێمانی ئەنجام دا، بەڵام هێزە تەناهییەكان بڵاوەیان پێ كردن و رێگەشیان بە رۆژنامەوانان نەدا نزیكی شوێنەكە ببنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، ژمارەیەك لە كەسوكاری گیراوانی لالەزار لە بەردەم باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
كەسوكاری گیراوەكان، داوای ئازادكردنی كوڕەكانیان دەكەن و باس لەوە دەكەن شایانی ئەو سزایە نین كە یەكێتی دەیان دا.
كەسوكاری گیراوەكان بۆ "وشە" باسیان لەوە كردووە، كوڕەكانیان ماوەی هەشت مانگە بەبێ دادگاییكردن لە گرتووخانەی ئاسایشی یەكێتی دەستبەسەرن.
دەشڵێن: تا ئێستە هیچ ڕێكارێكی دادگاییكردن بۆ دۆسیەكانیان ئەنجام نەدراوە، ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی یاسا، نابێت هیچ كەسێك بەبێ دادگاییكردن لە گرتووخانەدا بمێنێتەوە، هەر كەسێكیش بگیرێت، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەی دادگاییكردنەكەی یەكلا بكرێتەوە، بەڵام كوڕەكانی ئێمە چارەنووسیان دیار نییە.
لە 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەك هێزی یەكێتی بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، كە بارەگای سەرەكیی لاهور شێخ جەنگی بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.
دوای زیاتر لە سێ سەعات شەڕ و پێكدادان، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەك لە سەركردە و كارگێڕان و ئەندامانی بەرەی گەل و پێشمەرگەی بارەگاكە گیران.