لەسەر خۆپێشاندانی كەسوكاری گیراوانی هۆتێل لالەزار كە ئەمڕۆ لە بەردەم ئاسایشی سلێمانی ئەنجامیان دا، سەركردەیەكی بەرەی گەل رای گەیاند، پێوەندیی بەوانەوە نەبووە و پێشوەختە ئاگادار نەبوون.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، ژمارەیەك لە كەسوكاری گیراوانی لالەزار لە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.
كەسوكاری گیراوەكان، داوای ئازادكردنی كوڕەكانیان دەكەن و باس لەوە دەكەن شایانی ئەو سزایە نین كە یەكێتی دەیان دا.
"وشە" پێوەندیی بە سەركردەیەكی بەرەی گەل كرد و ئەویش رای گەیاند، ئەوەی كراوە كەسوكاری گیراوان بوون و داوای ئازادكردنی رۆڵەكانیان دەكەن، بەڵام ئەوەی كراوە ئاراستەكراو نەبووە و پێوەندیی بە بەرەی گەلەوە نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر پێشوەختە ئاگەدار بووینایە بێگومان رێنوێنیی خۆمان دەدا، بەڵام ئاگادار نەبووین.
هاوكات، شادمان مەلا حەسەن سەركردە لە بەرەی گەل، بۆ "وشە" گوتی، تەنیا دەزانن كە كەسوكاری گیراوەكانن ئەو گردبوونەوەیان كردووە و پێوەندی بە بەرەی گەلەوە نەبووە.
لە 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەك هێزی یەكێتی بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی كە بارەگای سەرەكیی لاهوور شێخ جەنگی بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەك كەس كوژران و بریندار بوون.
دوای زیاتر لە سێ سەعات شەڕ و پێكدادان، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەك لە سەركردە و كارگێڕان و ئەندامانی بەرەی گەل و پێشمەرگەی بارەگاكە گیران.