شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و 48 سەعات بەردەوام دەبێت

:: PM:09:54:02/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، بەپشتبەستن بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و هۆشداریشی داوەتە هاووڵاتییان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە کە دەست "وشە" کەوتووە، بڕی دابارینی پێشبینیکراو بۆ ماوەی 48 سەعات (لە سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم تا سەعات 12ـی نیوەڕۆی ڕۆژی شەموو) دەبێت. لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ شەپۆلێکی دابارین سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا لە پارێزگای دهۆک بە شێوەی نمەبارانی کەم بۆ مامناوەند دەست پێ دەکات، بۆ کاتەکانی ئێوارەش تەواوی ناوچەکانی تری هەرێم دەگرێتەوە، بەڵام بۆ کاتەکانی شەو کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت بۆ نمەبارانی پچڕپچڕی لابەلا.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی هەینی، ڕوون کراوەتەوە کە بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی پاڵەپەستۆی ئاماژەپێدراو، ئاسمانی هەرێم بە ناجێگیری دەمێنێتەوە، بۆیە نمەباران لە ناوچە جیاجیاکاندا بەردەوامی دەبێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، لە ناوچەکانی تریش بە شێوەی پچڕپچڕ دەبێت، هەروەها ناسەقامگیریی کەشوهەوا بۆ کاتەکانی شەویش بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا سەبارەت بە ڕۆژی شەموو هاتووە، ناسەقامگیریی کەش بەردەوام دەبێت، نمەباران زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، پاشان کاریگەرییەکەی بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لاواز دەبێت. بۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، کاریگەرییەکەی بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ و لابەلا لاوازتر دەبێت، لەگەڵ ئەگەری کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات. هەروەها لە کاتەکانی نیوەڕۆ تا ئێوارە ئەگەری چالاکبوونی خێرایی با هەیە، زیاتر لە ناوچەکانی باشووری هەرێم.

سەبارەت بە بڕی دابارینی پێشبینیکراو بە ملم لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

پارێزگای هەولێر: شەش بۆ 10 ملم.

پارێزگای سلێمانی: 10 بۆ 15 ملم.

پارێزگای هەڵەبجە: 10 بۆ 15 ملم.

پارێزگای دهۆک: 10 بۆ 15 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 10 بۆ 15 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 20 بۆ 25 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: 20 بۆ 25 ملم.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: پێنج بۆ 10 ملم.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا تێبینییەک دراوە کە ئەگەری گۆڕانکاریی زۆر لە پێشبینییەکاندا هەیە، چونکە لە وەرزی بەهارداین و گۆڕانکاری زۆر زوو لە بەرگەهەوای زەویدا ڕوو دەدات.


وشە - پۆڵا مەحموود