ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە کۆچی دوایی و دانانی پرسەی بەرپرسێکی ڕژێمی پێشوو لە شاری هەولێر دەکەن و ڕای دەگەیەنێت، هیچ پرسەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەیش ناچێت.
ئەمڕۆ هەینی سێی مارس، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک پەیج و کەناڵی ڕاگەیاندن هەواڵێکی بێبنەمایان بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە کۆچی دوایی بەرپرسێکی ڕژێمی پێشوو و دیاریکردنی سێ ڕۆژ پرسە بۆی لە هەولێر، بەڵام ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکیان نییە.
هەروەها ئومێد خۆشناو ڕەخنەی توندی لەو کەناڵانە گرتووە کە بە وتەی ئەو "دوور لە مۆڕاڵ" هەولێریان بە ئامانج گرتووە، هاوکات ئاماژەی بەوەیش کردووە کە چەند کەسێکی بەرپرسی نائاگا بەبێ لێکۆڵینەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو هەواڵە ناڕاستە و لێدوانیان لەسەر داوە.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردووەتەوە کە پارێزگاکە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت ڕووبەڕووی هەر کەس و لایەن و کەناڵێک ببێتەوە کە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانەیان بڵاوکردووەتەوە، و ڕێکاری توندی یاسایییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
دوێنی لە هەندێک کەناڵ و میدیا هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە بەرپرسێکی رژێمی پێشووی عێراق کۆچی دوایی کردووە و پرسەکەی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.