مەسروور بارزانی: پێویستە حكوومەتی فیدراڵ ئەرك و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت

:: AM:09:54:04/04/2026 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵوەگەڕی جینۆسایدی ئەنفالی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پێویستە حكوومەتی فیدراڵ ئەرك و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، لە 46 مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوەكانی جێنۆسایدكردنی كوردی فەیلی، كە بووە هۆی شەهیدكردن و دەركردن و بێسەروشوێنكردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و سامانی سەتان هەزار كوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمەكانی پێشووی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس، دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵ، ئەرك و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەكی شایستە، بنەماڵە و كەسوكاری شەهید و زیانلێكەوتووانی كوردی فەیلی و شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفالكراوان و گشت زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بكاتەوە.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، لەم یادە خەمناكەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین.



وشە - رامیار جەواد