سەرۆك بارزانی بۆ ساڵوەگەڕی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەكانی خوشك و برایانی كوردی فەیلی بكات.
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پەیامێكی لە ساڵوەگەڕی جینۆسایدی كوردانی فەیلی رای گەیاند، چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلییە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە.
دەشڵێت، كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیان هەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێك لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.
سەرۆك دەڵێت، لە یادی 46 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەكانی خوشك و برایانی كوردی فەیلی بكات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لە یاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.