وەفیق سامەڕائی یەكێك لە تاوانبارانی سەردەمی رژێمی لێخراوی بەعس، کە ئەو کاتەى جەلال تاڵەبانی بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق هێنایەوە و سەرباری هەموو ئەو تاوانانەی كردوویەتی، كردی بە راوێژكاری خۆى، هەر ئەو كاتەیش ناڕەزایی كەسوكاری ئەنفالكراو و قوربانییانی دەستی بەعسی لێ كەوتەوە.
وەفیق عەجیل حەموود سامەڕائی، یەكێك بوو لە دیارترین كاربەدەستانی ئاسایشی و سەربازی لە سەردەمی رژێمی لێخراوی بەعس، سەرۆكی بەشی هەواڵگریی سەربازی بوو، كە تەواوی تاوانەكانی بەرانبەر پێشمەرگە كراون لەو كاتەدا لەلایەن ئەوەوە فەرمانی بۆ دەرچووە.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئەو كاتە جەلال تاڵەبانی بەبێ گوێدانە هەستی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی دەستی بەعس، كردی بە راوێژكاری خۆی.
هەر ئەوكاتە یەكێكە بوو لە نزیكەكانی ناو تیمی تەناهیی سەرۆكایەتیی كۆمار، بەڵام كەس لە یەكێتی باشتر نازانێ كە ئەو ناوی لە چەندان تاوان و گومان باس كراوە، بە تایبەتی بەهۆی پلە بەرزیی لە سیستمی هەواڵگریی سەربازی لە سەردەمی سەدام حوسێن.
هەندێك ڕێكخراوی مافی مرۆڤ باس لەوە دەكەن، كە كاربەدەستانی هەواڵگری ئەو كاتە بە گشتی لە پێشێلكارییەكاندا بەشدارییان هەبوو و ناوی ئەو پێوەست كراوە بە سیستمی سەركوتكاری سەردەمی سەدام.
پێشتر لە وتارێكدا، وەفیق سامەڕائی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس نووسیبووی، بە پێداگریی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپای عێراق لە ساڵی 2003 هەڵوەشاوەتەوە.
ئەو راوێژكارەی پێشووی جەلال تاڵەبانی، كە وێنەیەكی بە جلی ئەفسەریی سەردەمی حزبی بەعسی لەگەڵ وتارەكەی بڵاو كردبووەوە، پێی وابوو ئەنفالكردنی كورد درۆیە، حزبی بەعس كارێكی لەو شێوەیەی نەكردووە و رای گەیاندووە، "مەسعوود و هاوكارانی بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە 182 هەزار كورد لە باشووری عێراق زیندەبەچاڵ كراون، ئەی بۆ كەسێكیان نەهێنایە دادگا، بڵێ من شۆفێری شۆفڵ یان بارهەڵگر بووم و ئەو رووداوە راستە؟".
وەفیق سامەڕائی وێڕای رەتكردنەوەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەشی لە ئەستۆی حزبی بەعسی لادا و رای گەیاند، كە ئەفسەرە عێراقییەكان هیچ پێوەندییەكیان بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە نەبوو.
بە هەڵدانەوەی یەك لاپەڕەی مێژووی رژێمی بەعسی لێخراو، دەردەكەوێ یەكێتی هەر لەگەڵ بنیاتنانەوەی عێراقدا بەعسییەكانی لە كوردستان و لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی پرسیاری ئەوە دەكەن كە دۆخی یەكێتی و پێوەندیی لەگەڵ بەعس بەمجۆریە، رەوا نییە ئێستە هەموو حزبەكە دەنگۆی دانانی پرسە بۆ ئەندامێكی پێشووی رژێم لە هەولێر بڵاو دەكەنەوە.