ڤیزەی گشت حاجییانی کوردستان گەڕاوەتەوە و ئامادەکارییەکان بەردەوامن

:: PM:07:30:04/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی 2026، کاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕای گەیاند، ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، پاڵپشتییەکی زۆری بۆ ڕێوڕەسمى حەج کردووە و تا ئێستە کاروباره‌کان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچن.

لە راگەیەنراوێكدا کە دەست "وشە" کەوتووە، کاروان ستوونی دووپاتی کردەوە، تا ئێستە ئامادەکارییەکانی ڕێوڕەسمى حەج لە کوردستان، عێراق و سعوودیە وەک خۆیان بەڕێوە دەچن و هیچ وەستانێک لە کارەکاندا نییە، سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستەدا ڤیزەی گشت حاجییانی کوردستان گەڕاوەتەوە و هەر کاتێک وەرزی حەج دەست پێ بکات، هیچ کێشەیەکیان نابێت. هەروەها گوتی، بڕیارە لە 18ـی نیسانی 2026 ڤیزەی حەج چالاک بێت و لەم کاتەوە وەرزی حەج بۆ گشت وڵاتانی جیهان دەست پێ دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا کاروان ستوونی ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت و شەڕ نەوەستێت، بە ئەگەری زۆرەوە گەشتەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەکرێنە وشکانی، لەو کاتەشدا حكوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دوابڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن.


وشە - پۆڵا مەحموود