بوونی دەیان سەركردەی بەعس لە سنووری سلێمانی وایكردووە خەڵك نیگەران بن، بەڵام یەكێـتی بەشێوەیەكی ئاسایی خزمەتی كردوون تا ئەو كاتەی مردوون، كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی تاڵەبانی لیستەكە بڵاو دەكاتەوە.
سالار تاڵەبانی كەسی نزیك لە بنەماڵەی تاڵەبانی دامەزرێنەری یەكێتی دەڵێت، فەریق ڕوكن ماهیر عەبدولڕەشید قائید فەیلەقی یەك كە سەرپەرشتیاری ئەنفال و كیمیابارانكردنی كوردستان بوو، خەزووری قوسەی كوڕی سەدام بوو، لەسەر حیسابی ئیدارەی گشتیی یەكێتی لە نەخۆشخانەی فارووق لە سلێمانی چارەسەری بۆ دەكرا، پاشان كە مردیش لەسەر حیسابی یەكێتیی سێ ڕۆژ پرسەی لە سلێمانی بۆ دانا، پاش مردنیشی یەكێتیی لە گەڕەكی ڕاپەڕین پارچەیەك زەویی 600 مەترییان بە خێزان و منداڵەكانی دا.
دەشڵێت، تاوانبار فەریق ڕوكن "وەفیق سامەڕائی" بەڕێوەبەری ئیستخباراتی عامەی سەردەمی ڕژێمی سەدام خۆی لە یاداشتنامەكانیدا دەڵێ، "ئەگەر یەكێتیی نەبوایە من لەسەر ئەنجامدانی ئەنفال و كیمیابارنكردنی كورد لە سێدارە دەدرام، بەڵام یەكێتی نەك ڕێگەی نەدا كەسوكاری ئەنفالەكان بمكوژن، بەڵكو پاسەوانییان كردم و پلە و پۆستیان پێدام و كردیانم بە ڕاوێژكاری تەناهیی مام جەلال".
باس لەوەش دەكات، فەریق ئەوەل ڕوكن سوڵتان هاشم وەزیری بەرگریی عێراق بوو، نیوەی كورد بە واژووی سوڵتان هاشم ئەنفال كران، كەچی سكرتێری یەكێتی چەندان جار زیاتر داوای لە دۆستە شیعەكانی كرد ئازادی بكەن، بەڵام شیعەكان ڕازی نەبوون، چوار جاریش مام جەلال لە گرتووخانە سەردانی كرد.
ئاماژە بەوەش دەكات، فڕۆكەوان تاریق ڕەمەزانی تاوانبار بە كیمیابارنكردنی هەڵەبجە لە گرتووخانەكانی یەكێتی ئازاد كرا و ڕەوانەی بەریتانیا كرا، لەوێش یەكێتیی بەرگرییان لێ كرد و مافی پەنابەرییان بۆ وەرگرت لە بەریتانیا.
بە گوتەی تاڵەبانی، فەریق ڕوكن نەزار خەزرەجی سوپاسالاری عێراق بووە و یەكێك بوو لەوانەی دوای ڕووخانی سەدام حوسێن، لەلایەن دادگاوە داوا كرا لەسەر كەیسی ئەنفال و هەڵەبجە، بەڵام یەكێتی كەیسەكەیان داخست و تا ئێستەش بنەماڵەكەی لە سلێمانی لە سەرچنار نیشتەجێن.
سالار دۆسیەیەكی تری بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت، لیوا ڕوكنی قوات خاسە بارق عەبدوڵای حاجی حنتە زوبەیدی، سەرپەرشتیاری ئەنفالكردنی گەرمیان، ئێستە هەموو بنەماڵەكەی لە سلێمانی لە گۆیژەن لەناو خانوویەكی 400 مەتری كە یەكێتیی بۆی كڕیون.