نێچیرڤان بارزانی: پێشوازیی لە رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكەم

:: AM:11:27:08/04/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات و هیوا دەخوازێت، ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییەكی درێژخایەن بۆ سەرانسەری ناوچەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" رای گەیاند، پێشوازیی لە رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەم.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەم پێشهاتە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، هاوكات دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ ناوچەكە.

روونیشی كردەوە، ستایشی هەوڵەكانی سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەن رۆڵیان هەبووە لە ئاسانكاریكردن بۆ گەیشتن بەم ئاگربەستە. 

لە كۆتایی پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستە روو، هیوادارە هەموو لایەنەكان بە نیەتێكی پاكەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و پێكەوە كار بكەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەكی درێژخایەن، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری ناوچەكەدا بەرقەرار بێت.



وشە - رامیار جەواد