جەلال شریت یەكێكە لە هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی چەندان ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی لە سنووری راپەڕین نیشتەجێ بوو، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" تا ئەوكاتەی لەوێ بووە پێوەندیی لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە.
جەلال شریت هەوادارێكی زۆری بۆ گۆرانییەكانی لە كوردستان هەیە كە سەرجەمیان لە شێوەی خێران، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەبێت ئەو هونەرمەندە لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە براوە و بێسەروشوێن كراوە.
كاتێك كە سەرەداوی جەلال شریت لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی رابردوودا دیار نییە، چەند كەسێكی هاوڕێی ئەو زانیارییانەیان بڵاو كردووەتەوە و داوای سۆراغی لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێوەندییەكانیان لە یەكێتییەوە سۆراغی بكەن.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەكی تایبەتی "وشە"، چەند كەسێكی هاوڕێی جەلال شریت پێوەندییان بە مستەفا هیجیرییەوە كردووە كە كاتی ئەوە هاتووە سۆراغی ئەو هونەرمەندە بكات.
سەرچاوەكە زانیاریی تەواوی نییە لەسەر ئەو دۆسیەیە، بەڵام ئەوەی نەشاردەوە كە جەلالی شریت زیاتر لە سێ مانگ دەبێت لەلایەن هێزێكی یەكێتی لە رانیەوە براوە و هیچ سۆراغێكی نییە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەی گوت، دەنگۆی ئەوە هاوڕێكانی نیگەران كردووە كە جەلال شریت رادەستی ئێران كرابێتەوە/ بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە/.
جەلال شریت لە بەندەكانی دژایەتی ئێرانی دەكرد و بە توندی ناوی دەهێنان، بۆ نموونە لە بەندێكدا دەڵێ:
کراسەکەت هەڵە سۆیبە گیان، ئەی بیخە سەر ڕانت
ئەرە سەد جاشی خوێڕی سویبە گیان، ئەی ببنە قوربانت.