شەڕی 40 رۆژەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران هەرسێ لایەنی شەڕكەری بە تەواوەتی شەكەت كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوا ساتەكانی كۆتاهاتنی وادەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، هەردوو وڵات بە ناوەندگیریی پاكستان گەیشتنە رێككەوتنێكی دوو هەفتەیی بۆ ئاگربەست و كردنەوەی گەرووی هورمز، گوتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان دەڵێت، ئەو ئاگربەستەی ئێستە كراوە چارەسەری كۆتایی نییە.
خەلیل نادری گوتەبێژ بەناوی پارتی ئازادی كوردستان، كە یەكێكە لە حزبە بەرهەڵستكارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەبارەت بەو رێككەوتنە ئاگربەستەی ئەمەریكا و ئێران گوتی، هەر ئاگربەستێك بە رووخانی رژێمی ئێران كۆتایی نەیەت، بوار بە تاران دەدات بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی لە ناوچەكە و دەركەوتن وەك سەركەوتووێك، ئەوەش بە نەرێنی كار لە شكۆی ئەمەریكا و بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی دەكات.
زیاتر گوتی، ئەو مەرجانەی ئێستە ئێران باسیان دەكات، لە داواكارییەكانی بەر لە دەست پێكردنی شەڕ جیاواز نین، بۆیە قبووڵكردنیان بە دۆڕانێكی گەورە بۆ واشنتن دادەنرێت، ناكرێت ئیدارەی ئەمەریكا چاو لە هەر چارەسەرییەك دابخات كە نەبێتە هۆی گۆڕانی رژێمی ئێران، ئاگربەستی كاتی كاریگەریی سنوورداری دەروونی بۆ حزبەكانی رۆژهەڵات هەیە، بەڵام ئاگربەستی بەردەوام زیان بە بزاوی كوردی لە تەواوی كوردستان دەگەیەنێت.
نادری دووپاتی كردەوە، خەباتی كورد لە ئێران تەنیا پێوەست نییە بەو شەڕەی ئێستە هەیە، بەڵكو ساڵانێكە هەیە، بەڵام پەرەسەندنەكانی شەڕ و ئاشتی لە ناوچەكە راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر رێڕەوی دۆزی كورد هەیە، حزبە كوردییەكان بەشێكی راستەوخۆ نین لەو شەڕە، كە بڕیاری وەستان و بەردەوامییەكەی بە دەستی ئەمەریكاوەیە، رژێمی ئێران ئەگەری رووخانی هەیە، نەرووخاندنیشی واتە ئەمەریكا خەرجییەكانی بەفیڕۆ داوە، ئێستەش نازانرێت كەی شەڕ دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام پێشبینیی هەڵگیرسانەوەی دەكرێت.