سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر دوایین پێشهاتە تەناهییەكانی ناوچەكە.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جەنەراڵ كیڤن لامبێرد فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر دوایین پێشهاتە تەناهییەكانی ناوچەكە. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان كردەوە، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەكەدا بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان.
مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش، كاریگەری و لێكەوتەكانی شەڕ بەسەر عێراق و ناوچەكەوە، لەگەڵ چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.