لەبەر ئەوەی متمانەیان پێی نییە غالب محەمەد نەخرایە هیچ لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق

:: PM:03:58:09/04/2026 ‌
لە كاتێكدا تەواوی ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق خرانە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق متمانەی بە غالب محەمەد نییە، ناوی ئەو بۆ هیچ لیژنەیەك بەرز نەكرایەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی تەواوی ئەندامانی پەرلەمانیان بەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان بەگوێرەی تایبەتمەندی و بڕوانامە دابەش كرد، بەڵام ناوی غالب محەمەد پەرلەمانتاری هەڵوێست نەخرایە هیچ لیژنەیەكی هەمیشەییەوە. 

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە ئەو پەرلەمانتارە جێی متمانە نییە، كارەكەی لە هەر لیژنەیەكی هەمیشەییدا، بۆ بەرژەوەندیی كەسی و "سەفقە" بەكار دەهێنێ‌، بۆیە نەخرایە هیچ لیژنەیەكەوە. 

هەروەها باسی لەوە كرد، بەهۆی هەڵسوكەوت و لێدوانە چەواشەكارەكانی پێشوویەوە، ئەو پەرلەمانتارە متمانەی لەناو پەرلەمان نەماوە، ئەوەیش هۆكارێكی تر بووە كە نەخرێتە هیچ لیژنەیەكی پەرلەمانییەوە. 

هەرچەندە غالب محەمەد لە روونكردنەوەیەكدا هۆكارەكەی بۆ ململانێیەكی كەسی لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئاشكرایە پەسندكردنی لیژنە هەمیشییەكانی پەرلەمان دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمانە و پێوەندیی بە "كەس" نییە. 

غالب محەمەد یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی كە پێوەندیی زۆری لەگەڵ گرووپ و میلیشیا جیاوازەكانی عێراق هەیە، لە كوردستاندا خەڵك حیسابێكی تری بۆ دەكەن و وەك دژە كوردستان دەیبینن. 




وشە - وشه‌