ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو خستە ڕوو. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەمڕۆ ئاسمان لە پەڵەهەورەوە بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت و لە ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان دەبێتە هەوری تەواو. هەروەها ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکاندا هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین، کە هەندێک کات بارانەکە بەشێوەی بارانی بەهاری و گەواڵەبارانی کورتخایەن دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی هەورەبرووسکە لەو ناوچانە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە خێرایی با مامناوەند دەبێت و لە نێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەبێت، ئاراستەشی بەرەو باشووری ڕۆژئاوا دەبێت. مەودای بینین لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتردا دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ، یەک تا سێ پلە بەرزتر دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن: هەولێر 22، پیرمام 18، سۆران 15، حاجی ئۆمەران نۆ، سلێمانی 18، چەمچەماڵ 21، دهۆک 20، زاخۆ 20، هەڵەبجە 22 و گەرمیان 25 پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 11ی نیسان، کەشناسی ئاماژەی بەوە داوە کە ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان هەیە و هەندێک کات بارانەکە بەشێوەی بەهاری و گەواڵەبارانی کورتخایەن دەبێت لەگەڵ بوونی هەورەبرووسکە. خێرایی با بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ لە نێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەبێت، بەڵام ئاراستەکەی بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دەگۆڕێت.
مەودای بینینیش حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لەو پلەیانەی کە ئەمڕۆ تۆمار کراون. بەرزترین پلەکانی گەرماش بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ دەبن کە بۆ هەولێر 22، پیرمام 18، سۆران 15، حاجی ئۆمەران نۆ، سلێمانی 18، چەمچەماڵ 21، دهۆک 20، زاخۆ 20، هەڵەبجە 22 و گەرمیان 25 پلەی سیلیزی پێشبینی کراون.