پارتی: سەرۆک کۆماری نوێ بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و مامەڵەی لەگەڵ ناکەین

:: PM:11:49:11/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 11ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە ئاراستەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق کراوە و دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە شێوەیەک پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوە چوو کە لە دەرەوەی پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی ئەنجوومەنەکە بوو.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، بێ گوێدانە پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن، بەرنامەی کۆبوونەوەی دیاری کردبوو، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسایە. هەروەها ئەو کاندیدەی کە دیاری کرابوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە دەرەوەی ئالیەتی کوردستانی بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێکەوە دیاری کرابوو و چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی تری عێراق پەسەندیان کردووە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی بەتوندی هەڵوێستی خۆی پێشان داوە و دەڵێت، بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاری بکرێت، بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش، فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد، کە دەبوایە دوای بایکۆتکردنەکە ناوی کاندیدی پارتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە لادرابایە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا پارتی بڕیاری داوە کە لە ئێستەدا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود