وەزارەتی تەندروستی كۆمەڵێك بڕیاری دا

:: AM:10:44:13/04/2026 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی كراوە، چەند بڕیار و ڕێنوێنییەكی نوێی بۆ ڕێكخستنی كاروباری نەخۆشخانەكان و بەشەكانی فریاكەوتن دەركرد. 

بەپێی نووسراوەكە كە واژووی وەزیری تەندروستی لەسەرە، پێویستە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بەشەكان خشتەی مانگانەی ئەركەكان (ئیلتیزام) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و دوور لە جیاكاری دابڕێژن. هەروەها دووپات كراوەتەوە كە پزیشكی نیشتەجێی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین، دەبێت لە كاتی ئەركەكانیاندا بە شێوەیەكی بەردەوام لەناو نەخۆشخانە بن و نابێت بە شێوەی (On Call) یان لە دەرەوەی نەخۆشخانە بن، بە تایبەت ئەو پزیشكانەی كە ڕۆژی ئەركیانە نابێت لە كلینیكە تایبەتەكان و سەنتەرە ئەهلییەكاندا كار بكەن.

لە بەشێكی تری ڕێنوێنییەكاندا، وەزارەتی تەندروستی بەكارهێنانی ئامێرەكانی وێنەگرتن و ڤیدیۆكردنی نەخۆش و ڕاوێژكردن بە مۆبایل و ڤایبەر و واتسئەپی قەدەغە كردووە، ئاماژە بەوە دراوە كە پێویستە نەخۆش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە پشكنینی بۆ بكرێت و چارەسەری بۆ دیاری بكرێت.

هاوكات پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە ڕاوێژكاری بە تەلەفۆن لە پزیشكی نیشتەجێی پسپۆڕ وەربگرن، بەڵكو دەبێت پزیشكی پسپۆڕ خۆی لە لای نەخۆشەكە ئامادە بێت.


وشە - رامیار جەواد