بۆ رێككەوتن شاندی هەولێر و بەغدا لە كۆبوونەوەدان

:: AM:11:29:13/04/2026 ‌
بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر وردەكارییەكانی سیستمی ئەسیۆكدا لە نێوان هەولێر و بەغدا، گفتوگۆ بەردەوامە، ئەمڕۆش كۆبوونەوەیان هەیە و تا رەشنووسی كۆتایی ئامادە بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەمڕۆش كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا دەبێت.

 ئەوەیش زانراوە، ئەمڕۆ هەردوولا ڕاپۆرتێكیان ئامادە دەكەن  لەسەر ئەوەی سیستمەكە چۆن لە كوردستان جێبەجێ بكرێت، دواتر بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەوەی پەسند بكرێت.

ئەوەیش زانراوە، هەولێر  و بەغدا لەسەر خاڵە سەرەكییەكان ڕێككەوتوون، تەنیا وردەكاریی بچووك ماون كە دوێنێ و ئەمڕۆش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. ئەگەر ئەمڕۆ تەواو بێت شاندەكە دەگەڕێتەوە بەغدا و ڕاپۆرتەكە پێشكەشی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری عێراق دەكرێت.

دكتۆر شوان شێخانی پسپۆڕی ئابووری، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو تەڵەیەی بەغدا بۆ هەولێری دانابوو لە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا، سەری نەگرت و حكوومەت زوو پێی زانی .

دەشڵێت، سیستمی ئەسیكۆدا راستە جیهانییە و دەبێتە هۆكاری كۆكردنەوەی داهاتی گومرگەكان، بەڵام لە ڕێنوێنی جێبەجێكردندا بەغدا زێدەڕۆیی كردبوو و چەندان بڕگەی زیاد كردبوو كە وای دەكرد ئابووری كوردستان وشك بێت.


وشە - رامیار جەواد