یەكێتی بە هاوبەشی فراكسیۆنی گرووپە لە یاسا دەرچووەكان پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری یەكلا كردەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی شەقامی كوردستانی لێ كەوتەوە كە چۆن لەگەڵ كەسانێكدا هاوپەیمانی بكەیت كە بۆردمانی درۆنی كوردستان دەكەن.
شەهێن عومەر چالاكی سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە نەك حزبێكی سیاسی، دەبێت ئەو پۆستە لە ناو ماڵی كوردی یەكلا بكرابایەتەوە و ئەو كەسەی دەبووە سەرۆك كۆمار هێزی كوردی لە پشتدا بووایە نەك بە دەنگی ئەندامانی گرووپە چەكدارییە تیرۆرستییەكان كە مەرجی قورس بسەپێنن بەسەردا دژ بە كوردستان.
ئەو دەڵێ، ڕاستە ئێستە كەسێك دیاری كراوە بە سەرۆك كۆمار، بەڵام دەبێت دڵنیابێت كە پشتیوانی سەركردایەتی و شەقامی كوردی لە پشت نەبێت، ئەوە سەركەتوو نابێت، وەك سەرۆك كۆمارەكانی پێشوو نەیان توانی هیچ كارێك بۆ ئاسایش و قووتی خەڵكی كوردستان بكەن.
ئەو پێی وایە كە دەبوو لای یەكێتی یەكڕیزی ناوماڵی كوردی لە پێش پۆست و پلە بوایە، نەك پۆستی سەرۆك كۆمار كە لەماوەی رابردوودا هیچیان بۆ بەرژەوەندیی كوردستان نەكردووە.
وشە/ عەزیز هەورامی